شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: چەند دەترسم لەبارەی شیعر: (١٩٨٠/١٠/٢٨ - ڤیەننا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند دەترسم، کە دێمەوە، هەواڵێکی تاڵت پێ بێ... چەند دەترسم، کە باوەشت پێدا دەکەم، بۆنی نامۆیەکت لێ بێ... چەند دەترسم، کە دێمەوە، گرامەری [١] زمانی چاو، ڕێنووسی هێمات [٢] گۆڕابێ. چەند دەترسم، پلەی گەرمیی پەنجەکانت وەک بەجێمهێشت وا نەمابێ... لەمەش زێتر، چەند دەترسم، کەسم، هاوڕێم کە دێمەوە تۆ وەک خۆت بیت، من بگۆڕێم! ١. گرامەر(گریکی): ڕێزمان، دەستووری زمان ٢. هێما: ئاماژە، ئیشارە